ناسر کەنعانی لە کۆنگرەی ڕۆژنامەڤانی بە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی فەلەستین ڕایگەیاند: بە گوێرەی ڕاگەیاندنی مێدیاکان بەرپرسی بەشی غەززە لە خاچی سووری نێودەوڵەتی ئاماژە دەکات کە ئێمە لە غەززە بەرەوڕووی کارەساتێکی تۆقێنەرین.
ناوبراو وتیشی بەردەنگی ئەو قسەیە ئیسرائیل و ئەمریکایە کە جەنایەت دەکەن و پاڵپشتی یەکترن.
هەروەها وتیشی کاتێک ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر نەخۆشخانەی ئەلمعمدانی و جیهان هیچ کاردانەوەیەکی نابێت هەمدیسان هێرش دەکاتە سەر نەخۆشخانەی شەفا.
کەنعانی زیادی کرد: ئەوە ئەرکی سەرشانی جیهانە کە لە بەرانبەر ئەو ڕژێمە بوەستێت. ئیسرائیل بە ئاسوودەییەوە خەریکی جەنایەتێکی تۆقێنەرە کە زمان ناتوانێت بەتەواوەتی وەسفی بکات.
وتیشی: هیوادارین نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکی خۆی هەمبەر ڕاگرتنی شەڕ بخاتە گەڕ.
کەنعانی وتیشی کە ئێران هاوپەیوەند بە شەڕی غەززە کۆمەڵە هەوڵێکی جیاوازی لە ئاستی نەتەوەیی، ناوچەیی ئیسلامی و نێودەوڵەتی دەستپێکردووە و ئەو هەوڵانە درێژەی دەبێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە پەیامی ئەمریکا وتی: ئەمریکییەکان پەیامیان دەدا کە بەدوای پەرەسەندنی شەڕ لە ناوچەکە نین. وەڵامی ئێمە هەر ئەوەیە کە پێشتر ڕامانگەیاندووە کە گرووپەکانی بەرخۆدان فەرمان لە ئێمەوە وەرناگرن و سەربەخۆ بڕیار دەدەن.
ناوبراو زیادی کرد: ئەمریکا بەرپرسی بەردەوام بوونی شەڕەکەوەیە و پاڵپشتی سەربازی، سیاسی و هەواڵگری لە ئیسرائیل دەکات. ئەمریکا ئەبێ سەبارەت بە دووفاقەیی لە قسە کردن و کردەوە شی کردنەوە بدات.
کەنعانی سەبارەت بە ڕێککەوننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران وتی: ڕێککەوتنی ئەمنی لە چوارچێوەی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت و درێژەی هەیە.